٦ ئایار ٢٠١٧ - ١٩:١٧

ئەم گفتوگۆیە لەلایەن جەیمس ماتیسی وەزیری بەرگری ئەمەریکاوە سەرپەرشتیکراوە و قسە لەوە دەکرێت "چۆن هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بمێننەوە و لێکەوتەکانی چی دەبن".

حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق ئەو هەواڵ و زانیارییانەى ڕەتکردووە کە باس لە گفتوگۆ و ڕێککەوتنى نێوان عێراق و ئەمەریکا دەکەن بۆ مانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق دواى داعش.

بە پێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت.ع.ابنا: حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ ٥ى ئایار بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا تەنها ڕاوێژکارانى ئەمەریکا و چەند وڵاتێکى تر هەیە لە عێراقدا و سوپا و هێزی پیادەیان نیە، هیچ گفتوگۆ و ڕێکەوتنێکیش نەکراوە نە لەگەڵ ئەمەریکا و نە هیچ وڵاتێکى تر سەبارەت بە مانەوەى هێزەکانیان دواى داعش".

ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتى عێراق پلانى هەیە لە ڕێگەى مەشق و ڕاهێنانى بەردەوام و دابینکردنى کەرەستەى سەربازى تەواو سوپاى عێراق بکاتە سوپایەکى بەتواناو ئامادەباش کە لە توانایدا هەبێـت ئاسایشی عێراق بپارێزێت و پێویستى بە هیچ هێزێکى تر نەبێت.

ئەمەش لە دواى ئەوە هات ئاژانسی ئاسۆشەیتدپرێس بڵاویکردەوە کە بەرپرسانی عێراق بە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانیشەوە لە گفتوگۆیەکدان کە ئەمەریکا دوای تەواوبوونی داعشیش لە عێراق بمێنێتەوە.

بەپێی هەواڵی سەرچاوەکە عێراق و ئەمەریکا نەگەشتوونە ڕێککەوتن لەسەر ئەوبابەتە، بەڵام گفتوگۆکانیان بەردەوام دەبێت لەسەر هەمان پرس.

بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمەریکی ڕەنگە بە قازانجی هەردوو وڵات بێت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، بەڵام ئەوە پێویستی بە ڕێککەوتنێکی دیکەیە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

ئەمەریکا و حکومەتی عێراق ڕێککەوتبوون لە ساڵی ٢٠١١ دا تەواوی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بچنە دەرەوە، بەڵام سێ ساڵ دوای ئەو وادەیە حکومەتی عێراق خێرا پەنای بردەوە بەر هێنانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بۆشەڕی ڕێکخراوێکی چەکداری بەناوی داعش.

ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە، ئەم گفتوگۆیە لەلایەن جەیمس ماتیسی وەزیری بەرگری ئەمەریکاوە سەرپەرشتیکراوە و قسە لەوە دەکرێت "چۆن هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بمێننەوە و لێکەوتەکانی چی دەبن".

ئاماژە بەوەشکراوە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران دەیەوێت بەهۆی بوونی دەسەڵاتی ئەمەریکی لەناوچە ئازادکراوەکان هۆکارەکانی گواستنەوەی دەسەڵات و ڕێکخستنەوە و ئەمنییەتی شارەکان بپارێزێت